برامس.. سوارچاکێکی کلاسیکی لە قۆناغی رۆمانتیکی موزیکدا

یۆهانێس برامس لە سەردەمی خۆیدا، موزیکدانەرێکی بژاردە بووە، دژی موزیکی باو و سەردەمی خۆی وەستاوەتەوە، پارێزگارییەکی گەورەی لە شکۆ و مێژووی نەریتیی موزیکی کلاسیکیی کردووە، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی سێی نیسانی 1897، کۆچیدوایی کردووە.

بەشێکی زۆر لە گوێگرانی موزیک، یۆهانێس برامسی موزیکدانەری ئەڵمانی، بە بلیمەتێکی گەورەی موزیک دادەنێن، ئەمەش لەسایەی پاراستنی نەریتی کۆندا، بەهایەکی گەورەی هەیە، لەقۆناغێکدا کە موزیک لە گۆڕانکاریی خێرا و بەردەوامدا بووە، برامس بژاردەی دووەمین بووە.

برامس شۆڕشگێڕانە کاری لەسەر موزیک نەکردووە، وەکو موزیکدانەرەکانی سەردەمی خۆی، گرنگ نەبووە رەوتە نوێیەکان تاقیبکاتەوە و کار لەسەر هەستی تاک بکات، بەڵکو، بایەخێکی گەورەی بە موزیکی کلاسیکیی داوە و بەهاکانی خانەدانی و بەهێزیی موزیکی کردووە بە ئیلهامی هەستە نەتەوەییەکان.

چیرۆکی برامس، چیرۆکی رەنج و تێکۆشانە، پاشخانێکی دەوڵەمەندی نەبووە و خێزانەکەی بەردەوام لە قەیراندا بووە، بەڵام، توانیویەتی بگات بە شکۆمەندیی و بە موزیکی کلاسیک و نەتەوەیی لە ئاستی موزیکدانەرە گەورەکاندا ناوی تۆماربکرێت.

رۆبەرت و کلارا شاومان، دوو کەسایەتیی دیاری ناو ژیانی برامسن، کە لێیان رابینیوە، وەکو موزیکدانەری گەورەی ئەڵمانیا، بیتهۆڤن، بتوانێت کاریگەریی لەسەر موزیکی ئەڵمانیا دروستبکات، بەڵام برامس لەژێر ئەم فشارەدا نەیتوانیوە پێشبینی بۆ داهاتووی خۆی بکات و خێوی ناوبانگی بیتهۆڤن ئاستەنگییەکی گەورەی بۆ دەروونی دروستکردووە.

برامس، یەکەم سیمفۆنی خۆی بە 14 ساڵ تەواوکردووە، بەڵام پاش سەرکەوتنی ئەم موزیکەی، لە بارگرانیی دەربازی دەبێت و سیمفۆنییەکانی پاشتری بە خێرایی بەرهەمدەهێنێت، لەلایەن رەخنەگر و موزیکدانەرەکانی دیکەوە بەردەوام توانجی لێدراوە، کە توانای تەواوەتیی خۆی تەنها بۆ موزیکی سیمفۆنی و کلاسیکی تەرخانکردووە، کە جەنگە ناسراوەکەی دروستکرد لەگەڵ ڤاگنەردا.

هایدن و بیتهۆڤن، نموونەی گەورە و دیاری برامس بوون، لە ئاستی دروستکردنی سۆناتا و موزیکی کڵێسا و گۆرانی ئاینی، قازانجێکی گەورەی لێکردوون، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت، کە برامس خاوەنی مۆرکی تایبەت بە خۆی نەبووە، بەڵکو، کۆنچێرتۆکانی بۆ پیانۆ، لە دیارترین موزیکەکانی جیهانن و سنوورەکانی دەنگ دەبڕن، پارچەکانیشی لە شێوازی فۆلکلۆرییدا، هاوشێوەی سەما هەنگارییەکان، لە دیارترینەکانی برامس و موزیکی کلاسیکیین.

هەرچەندە برامس بەرپرسیاری گۆڕانکاریی گەورە نییە لە ئاستی موزیکی شۆڕشگێڕانە و دواکەوتنی شەپۆلە نوێگەرەکانی موزیک لەوانە موزیکی رۆمانتیکی، بەڵام سەنگ و قورسایی موزیکی کلاسیکیی لەگەڵ خۆیدا بردە ترۆپک و یەکێک بووە لە دواجەنگاوەرەکانی ئەم رەوتە موزیکییە.

برامس 63 ساڵ ژیاوە، لە تێکڕای ژیانی موزیکیی خۆیدا، توانیویەتی زیاتر لە 200 موزیک و گۆرانی جیاواز بەرهەمبهێنێت.