جۆزێف هایدن.. گەورەی سیمفۆنیا و مامۆستای موزیکدانەرە گەورەکان

یەکێک بووە لە دیارترین موزیکدانەرە کلاسیکییەکان، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بونیادنانی سیمفۆنیا دروستکردووە، جۆزێف هایدن، رێکەوتی 31ی ئازاری 1732، لەدایکبووە.

جۆزێف هایدن، موزیکدانەری نەمسایی، کوڕی خێزانێکی هەژار بووە، لەنێوان تەمەنی هەشت بۆ 17 ساڵی، سۆپرانۆیەکی دیار بووە و دەنگبێژی کڵێسای سان ستیفن بووە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرەوپێشچوونی موزیکی کلاسیکیی دروستکردووە لەماوەی سەدەی هەژدەیەمدا، هایدن، بە باوکی سیمفۆنیا و چوارینەی ژێدار ناسراوە، لە ئاستی دانانی موزیکدا، خاوەن شێوازێکی ئاڵۆزە و توانیویەتی موزیک بەرەوپێشببات، پاش خۆی، کاریگەریی لەسەر دیارترین موزیکدانەرەکانی جیهان دروستکردووە، لەوانە: وڵفگانگ ئەمادیۆس مۆزارت و لودڤیگ فان بیتهۆڤن.

هایدن و میشێلی برای، هاوڕێیەکی نزیکی مۆزارت بوون، ئەو کاتەی بیتهۆڤن بڕیاری خوێندنی وانەی موزیکیی دەدات لای مۆزارت، پێش ئەوەی وانەکانیان دستپێبکات، مۆزارت کۆچیدوایی دەکات، بەم هۆکارە، بۆماوەیەکی دیاریکراو، بیتهۆڤن روو لە تواناکانی هایدن دەکات و لەسەر دەستی دەخوێنێت.

لەماوەی 77 ساڵی ژیانیدا، هایدن توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر لە سیمفۆنیا و پارچەی موزیکیی دابنێت، لەوانە: زیاتر لە 100 سیمفۆنیا، 68 چوارینەی ژێدار، چەند ئۆپێرایەک و موزیکی پیرۆز، لەنێوان ساڵانی 1770 بۆ 1780، لە دیارترین ئەو موزیکدانەرانەی ئەوروپا بووە کە کاریان لە ئۆپێرادا کردووە، 150 ئۆپێرای بۆ موزیکدانەرەکانی دیکە بەرهەمهێناوە و چەندینی دیکەی بۆ خۆی نووسیوە.

هاوتای بەرەوپێشبردنی سیمفۆنیا، شێوازی سۆناتاشی باشترکردووە، لە ئاستی کلاسیکییدا موزیکەکانی ناوازەبوون و رەوتی کلاسیکی موزیکیان فراوانتر کردووە، لە دیارترین موزیکەکانی هایدن بریتین لە:

Symphony No. 94
The Seven Last Words of Christ
The Creation
Trumpet Concerto
Cello Concerto No. 1


فرانز جۆزێف هایدن، رێکەوتی 31ی ئازاری 1809، لە تەمەنی 77 ساڵییدا کۆچیدوایی کردووە.