دامەزراوەی هەڵبژاردنى تورکیا لە بەرژەوەندی بەربژێرەکەی پارتی دەم بڕیاریدا

عەبدوڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی پارتی دەم بۆ سەرۆکى گەورەشارى وان .

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنى تورکیا بڕیاری کۆتایی لە بەرژوەندی عەبدوڵا زەیدان بەربژێری سەرکەوتووی پارتی دەم بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی وان دا.

بەگوێرەی بڕیارەکە فەرمانی دەستبەکاربوون بە عەبدوڵا زەیدان دەدرێت بۆ سەرۆکی شارەوانیی وان.

لە دوای بڕیارەکەی دامەزراوەی هەڵبژاردنى تورکیا توجەر باکرهان هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم گوتی، "ئەوەی دەبوو رووبدات روویدا، ئیرادەی خەڵکی وان سەرکەوت".

عەبدوڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی پارتی دەم بۆ سەرۆکى گەورەشارى وان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "خەڵکی وان لە هەڵبژاردنی 31ـى ئازاردا ئیرادەی خۆیان نیشاندا و 250 هەزار دەنگیان وەکو پارتی دەم بە ئێمە داوە".

گوتیشى، "بەڵام حیزبی دەسەڵاتدارى ئاکپارتی ئەو ئیرادەیە پێشێل دەکات، بەشێوەی نایاسایی ئێمەی دوور خستەوە و بەربژێرەکەی خۆی لە شوێنی ئێمە دانا".

لەسەر داوای وەزارەتی دادی تورکیا، دادگا مافی خۆهەڵبژاردنی لە عەبدوڵا زێدان، بەربژێری پارتی دەم بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی وان وەرگرتەوە، لە کاتێکدا 55%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بڕیارى دەستبەکاربوونیش بۆ عەبدوڵاهات ئارڤاس، بەربژێرى ئاکپارتى دەرکرا.

دوابەدواى ئەوەش لە وانى باکوورى کوردستان خۆپیشاندان دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووى یەکتر بوونەوە.

رۆژی هەینی 29ی ئازاری 2024 وەزارەتی دادی تورکیا، تانەی لە دادگا تۆمارکرد لەبارەی بەربژێربوونی عەبدوڵا زێدان، لە پارتی دەم بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی وان، بۆ ئەوەی مافی خۆهەڵبژاردنی لێبسەندرێتەوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر زیندانییکراوە.

دادگا تانەکەی وەزارەتی دادی پەسەندکرد و مافی خۆهەڵبژاردنی لە عەبدوڵا زێدان وەرگرتەوە، بەڵام ئەمڕۆ دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنى تورکیا بڕیاری لە بەرژوەندی عەبدوڵا زەیدان دا و بەگوێرەی بڕیارەکە فەرمانی دەستبەکاربوونی پێدەدرێت بۆ سەرۆکی شارەوانیی وان.