بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت و لەگەڵ بەغداش لەبارەی ئەو پڕۆژەیە لە قۆناغی رێککەوتندان و هەردەبێت هەژماری من قبوڵبکات.
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من هیچ گرفتێکی نییە و بەشداریکردنی بانکی تی بی ئای عێراقیش لە پڕۆژەکە دەرخەری ئەوەیە کە پڕۆژەکە لەلایەن عێراقەوە قبوڵکراوە.
گوتیشی، تا ئێستا شەش بانک بەشداری پڕۆژەی هەژماری منیان کردووە و ھەموویان باوەڕپێکراون و لە بانکی ناوەندی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە و بانکی ناوەندی خۆی رەزامەندیداوە پڕۆژەکە ئەنجامبدرێت.
بە گوتەی مەولود سابیر، لە ئێستادا لەلایەن بەغداوە نەرمی نواندنێک بەرامبەر هەژماری من هەیە و گوتی، هەر دەبێت هەژماری من قبوڵبکات و لە ئێستاشدا ھەردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر خەتن و مووچە چارەسەرکراوە.