کەرکوک.. سێ سەرکردەی داعش بەهاوکاریی "دژەتیرۆر لەسلێمانی" دەستگیر کران

ژمارەیەك لە ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق. فۆتۆ: AP

بەهاوکاریی و هەماهەنگیی دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکوک، توانی دوو سەرکردەی داعش دەستگیر بکات و ئەندامێکی دیکەی هەمان رێکخراو قۆڵبەست بکات کە لەچوارچێوەی باندێکدا بەنیازی کردەوەی "تیرۆریستیی" بووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت: "بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایش، تۆڕێکی تیرۆریستیمان هەڵوەشاندووەتەوە کە بەنیازی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بووە".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە "بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و ئاسایشی کەرکوک کە سەربە هەمان یەکەیە لە وەزارەتی بەرگری و بەگوێرەی زانیاریی هەواڵگریی دروست، توانی کەسێک دەستگیر بکات بەناوی (ا م ا) لە شاری کەرکوک".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاندووە " لەڕێگەی دانپێدانانەکانی ئەو کەسەوە دەرکەوتووە ئەندامی شانەیەکی تیرۆریستییە کە پیلانی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی داڕشتووە".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پاش لێکۆڵینەوەی مەیدانی و بەدواداچوون، ئەو ئەندامانەی کە لە شانەکەدا مابوون، بە هەماهەنگیی دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی، پاڵپشتیی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک، کە دوو سەرکردەی دیکەی داعش بوون، دەستگیر کراون.