ئەمریکا.. بەتۆمەتی کوشتنی موسڵمانان هاوڵاتییەک 37 ساڵ بەند کرا

شوێنی تاوانەکە لە ئەمریکا فۆتۆ: گووگڵ

هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە 37 ساڵ زیندانیکردن سزا درا پاشئەوەی هێرشێکی "خوێناوی" بۆ سەر موسڵمانان لە ویلایەتی تەکساس ئەنجامدا.

رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند "ئەمریکییەک بە تۆمەتی ئەنجامدانی "تاوانی رق و کینە" سزای 37 ساڵ زیندانی کرا، دوای ئەوەی کەسێکی کوشت و هەوڵی کوشتنی چوار کەسی دیکەی دا لە هێرشێکدا بە ئەنقەست دوکانێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی کردبووە ئامانج کە موسڵمانان زۆر سەردانیان دەکرد".

پێش ئەم سزا فیدراڵییە، دادگاکانی ویلایەتی تەکساس سزای 35 ساڵ زیندانییان بەسەر ئەنتۆنی پاز تۆرێس، تەمەن 39 ساڵدا سەپاند بە تۆمەتی کوشتن لە ساڵی 2018دا.

پاز تۆرێس لە 24ی کانوونی دووەمی 2015 تەقەی لە دوکانێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە شاری داڵاس کرد کە لەلایەن عێراقی-ئەمریکییەکەوە بەڕێوەدەبرا و لە ئەنجامدا مردنی کەسێکی لێکەوتەوە.

مێریک گارلاند، داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "وەزارەتی داد رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر دژی ئەو تاوانانەی کە بەهۆی ئیسلامۆفۆبیا یان رق لێبوونەوە لە ئیسلام ئەنجامدەدرێن."

لە بەرامبەردا، کریستوفر رای، بەڕێوەبەری FBI لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیکردەوە کە "تۆمەتبارەکە هەوڵیداوە کۆمەڵکوژییەک ئەنجامبدات بە ئامانجگرتنی شوێنێک کە خاوەنەکەی موسڵمان بووە".

ئەنتۆنی پاز تۆرێس، دانی بەوەدا ناوە کە چەند رۆژێک پێش هێرشەکە سەردانی وەرشەکەی کردووە و قسەی دژی موسڵمانان کردووە و دواتر گەڕاوەتەوە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە.