فارس عیسا: سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغداد. فۆتۆ: کەناڵ8

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغداد رایگەیاند، بەر لە جەژن مووچەى مانگى سێ دابەشدەکرێت و سەرەتاى هەفتەى داهاتووش سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد دەکات.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغداد ئاماژەى بەوەکرد، گەیشتوون بە رێککەوتن بۆ چارەسەرى پرسی مووچە و هیوایخواست، بڕیارى سیاسی کاریگەریى لەسەر ئەو رێککەوتنە نەبێت.

فارس عیسا لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان کە کەناڵ8 ئامادەى بوو ئاشکرایکرد، سەرجەم داتا و لیستى مووچەى فەرمانبەران رادەستى وەزارەتى دارایی عێراق کراوە و بەرلە جەژن حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستدەکات بە دابەشکردنى مووچەى مانگى ئازار.

بەگوتەى فارس عیسا بڕیارە لەسەرەتاى هەفتەى داهاتوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد بکات و بەشدار بێت لە کۆبوونەوەى ئیدارەى دەوڵەت و لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش کۆدەبێتەوە.

پێشتریش شاندى حکومەتى هەریمى کوردستان سەردانی بەغدادیان کردوو و پاش گەڕانەوەى لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد، چەندین کۆبوونەوەى سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەبارەى پرسى بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدراوە.