رۆژووشکاندنی موسوڵمانان لە یەکێک لە ناوچەکانی هیندستاندا

رۆژووشکاندن بە خوێ.. کولتووری بەشێک لە موسوڵمانانی هیندستان

دابونەریتەکانی هیندستان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا باون، کولتووری هیندی دەوڵەمەندە بە چەندین دابونەریتی جیاواز و دەگمەن کە دەکرێت تەنها لەو وڵاتەدا ببینرێن.

هەندێک لە هاوڵاتییانی هیندستان لەجیاتی ئاو و خورما، بە خوێ رۆژووەکەیان دەشکێنن، ئەمە دەبێت بە یەکەم پێکهاتەی خۆراکی کە دوای چەندین کاتژمێری درێژ لە رۆژووگرتن بچێتە جەستەیانەوە، وەک لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "الجزیرة"دا باسکراوە.

ئەو کەسانەی ئەم نەریتە پەیڕەو دەکەن پێیان وایە کە ئەمە کردارێکی سودبەخشە بۆ جەستەیان پاش چەندین کاتژمێر لە نەخواردنی هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک.

هەروەها لەسەرکردنی کڵاو بەدرێژایی مانگی رەمەزان، یەکێکە لە خووە باوەکانی بەشێکی زۆر لە موسوڵمانەکانی هیندستان.

لەگەڵ ئەمانەشدا، موسوڵمانانی هیندستان بەشێوازی تایبەت شەوی قەدر بەسەردەبەن، شەوی 27ـی رەمەزان لەلای ئەوان گرنگترین شەوە بۆ خوداپەرستی، وەک جەژن ئامادەکاریی بۆ دەکەن، جلی نوێ لەبەردەکەن، زیکر و خودا پەرستی دەکەن، قورئان دەخوێنن و شیرینی دەبەخشمەوە.

موسوڵمانانی هیندستان دووەم گەورەترین کۆمەڵەی ئیسلامی جیهانن دوای موسوڵمانانی ئیندۆنیزیا، ئیسلامیش دووەم ئاینە لە هیندستان لەدوای ئاینی هیندۆسی بەربڵاو لەو وڵاتەدا.