بەراوردێک لەنێوان توانا سەربازییەکانی ئێران و ئیسرائیل

سوپای ئێران و هاوتا ئیسرائیلییەکەی فۆتۆ: ئاژانسەکان

بەگوێرەی راپۆرتی پێگەی (گڵۆباڵ فایەر پاوەر)ی تایبەتمەند لە کاروباری سەربازیی وڵاتان بۆ ساڵی 2024، بەراوردیکردووە لەنێوان توانا سەربازیی و مرۆییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لەڕووی ژمارەی سەرباز و هێزی یەدەگ و ژمارەی دانیشتووانەوە.

لە ریزبەندی جیهانیدا، سوپای ئێران پلەی 14ی گرتووە، لە لیستی بەهێزترین سوپاکانی جیهان بۆ ساڵی 2024، بەڵام سوپای ئیسرائیل لە پلەی 17هەمیندایە لەجیهاندا لەنێوان سوپای 145 وڵاتدا.

لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، ژمارەی دانشتووانی ئێران دەگاتە نزیکەی 87 ملیۆن کەس، لەناویشیاندا 49 ملیۆن کەسیان توانای مرۆیی ئامادەیە، لە بەرامبەریشدا ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل 9 ملیۆن کەسە و لەو ژمارەیەش 3 ملیۆن و 800 هەزار کەسیان لەڕووی هێزی مرۆییەوە ئامادەن.

لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، ئێران خاوەنی 960 هەزار سەربازە، لەناویشیاندا 610 هەزار کەسیان لە خزمەتی سەربازیی کرداریدان و 350 هەزار کەسیشیان هێزی سەربازیی یەدەگن، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل خاوەنی 635 هەزار سەربازە، لەو ژمارەیەش 170 هەزار سەربازیان لە خزمەتی کرداریدان و 465 هەزاریان سەربازی یەدەگن.

سوپای ئێران خاوەنی 551 فڕۆکەی جەنگیی جۆراوجۆرە، لەو ژمارەیەش 186 فڕۆکەی جەنگیی و 23 فڕۆکەی هێرشبەر و 86 فڕۆکەی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی، جگە لە 100 فڕۆکەی راهێنان و 10 فڕۆکەی تایبەت بە ئەنجامدانی ئەرکە تایبەتەکان، 129 فڕۆکەی هەلیکۆپتەری هەیە، لەو ژمارەیەش 13 فڕۆکەی هەلیکۆپتەری هێرشبەرن.

لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل، خاوەنی 612 فڕۆکەی جۆراوجۆرە، لەوانەش 241 فڕۆکەی جەنگی، 39 فڕۆکەی هێرشبەر، 12 فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی، 155 فڕۆکەی راهێنان، 23 فڕۆکەی ئەرکە تایبەتەکان، 146 فڕۆکەی هەلیکۆپتەری سەربازیی و 48 دانەیان هەلیکۆپتەری هێرشبەرن.

لەڕووی ژمارەی فڕۆکەخانەوە، ئێران خاوەنی 319 فڕۆکەخانەی کارایە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل خاوەنی 42 فڕۆکەخانەی کارایە، ئەوەش بە ئاشکرا باڵادەستیی ئێران دەردەکەوێت لەڕووی ژمارەوە.

لەڕووی هێزی دەریاییەوە، ئێران خاوەنی زیاتر لە 100 پارچەی جیاجیای دەریاییە، لەو ژمارەیەش 19 ژێر دەریایی جیاجیای هەیە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل خاوەنی 67 پارچەی جیاجیای دەریاییە، کە 5یان ژێر دەریایین.

لەڕووی ژمارەی تانک و زریپۆشەوە، سوپای ئێران خاوەنی 1996 تانک و نزیکەی 65 هەزار زریپۆش و 580 تۆپی جوڵاو، دوو هەزار و 50 تۆپی قورس، 775 سەکۆی کاتیۆشایە.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل خاوەنی هەزار و 370 تانک و 43 هەزار و407 زریپۆش و 650 تۆپی جوڵاو، 300 تۆپی قورس، 150 سەکۆی کاتیۆشایە.

لەڕووی بودجەی سەربازییەوە، ئێران بودجەیەکی 10 ملیار دۆلاریی بۆ بواری سەربازیی تەرخانکردووە، ئیسرائیل 24 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە.

تەرازووی هێز بە تەنیا کورتناکرێتەوە لە ژمارەدا، چونکە ئێران خاوەنی توانایەکی موشەکیی زەبەلاحە، کە بووە هەڕەشە لەسەر قوڵایی خاکی ئیسرائیل، بەڵام لەڕووی گەشەی تەکنەلۆژییەوە سوپای ئیسرائیل خاوەنی توانایەکی پێشکەوتووە، کە خاوەنی کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگیی و تانکی پێشکەتووی ئەوتۆیە، نەک ئێران، بەڵکو هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە خاوەنی ئەو تەکنەلۆجیا سەربازییە پێشکەوتووە نییە.