پۆستەری پێشانگەی "چی نەمایانە"

پێشانگەیەک بۆ ستایشی گۆرانی شاعیر لەناو پەرلەمانی وێڵزدا دەکرێتەوە

لەناو پەرلەمانی وێڵز، لە شاری کاردیف، پێشانگەی "چی نەمایانە" بۆ ستایشی گۆران بە بەشداریی 20 هونەرمەند دەکرێتەوە.

پێشانگەی هونەریی "چی نەمایانە" بۆ ستایشی شاعیری گەورەی کورد گۆران، کە بووەتە ئیلهامبەخشی بیست هونەرمەندی کورد دەکرێتەوە، تاوەکو رۆژی 18ـی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت.

ئالان نەژاد، رێکخەری پێشانگەی "چی نەمایانە" بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "ناوی پێشانگەکە چی نەمایانە، لە شیعرێکی شاعیری گەورە گۆرانەوە وەرگیراوە، بە واتای چ دیمەنێک دێت، رۆژی شەشی ئەم مانگە کردنەوەی گشتی پێشانگەکەیە، لە پایتەختی وڵاتی وێڵز، کە وڵاتێکە نەتەوەکەی هاوشێوەی کورد ساڵانێکە خەریکی خەباتن بۆ پاراستن و بوژاندنەوەی زمان و کولتووری خۆیان، لەم رێبازەشدا چەوسێنراونەتەوە".

باسی لەوەشکرد، 20 هونەرمەندی کورد لە چەندین شوێنی جیهان و کوردستانەوە بەشدارییان کردووە، لەوانەش، کوردستان، ئەوروپا، دانیمارک، نەمسا، بەریتانیا، کەنەدا و ئەمریکا، تەواوی هونەرمەندە بەشداربووەکانیش کوردن و هیچ هونەرمەندێکی بیانی تێدا نیە.

رێکخەری پێشانگەکە ئەوەشی ئاشكراکرد، پڕۆژەیەکی نوێیان بەدەستەوەیە بۆ داهاتوو، کە هونەرمەندی کورد و بیانی بە ژمارەی یەکسان لەخۆدەگرێت.

ئالان نەژاد کە لەگەڵ مەریوان جەلالدا بەیەکەوە رێکخەری پێشانگەکەن ئاماژەی بەوەدا، "دوو ساڵە سەرقاڵی رێکخستنی پێشانگەکەین، ئەوەشی دەستکەوتێکی گەورەبێت بەدەر لەو ژمارە هونەرمەندە بە ئەزموونەی کە بەشداریی دەکەن، ئەوەیە کە لەناو پەرلەمانی وێڵزا باوەش بەو پڕۆژەیەدا کراوە، ئەمەش دوو ساڵی خایاندووە تا گەیشتین بە کردنەوەی پێشانگەکە".

لەبارەی هەڵبژاردنی شاعیر گۆران لەم پڕۆژەیەدا، ئالان گوتی، "ئەمە گەشتێکی تایبەتی منە لە ژیانمدا، ئەویش بە کاریگەریی باوکم کە گۆرانی شاعیری پێدەناساندین، ئەوان هاوڕێ و هاوسەردەم بوون و ئەویش گواستییەوە بۆ ئێمە، ئەمە وایکرد حەزێکی زۆرم بۆ هونەر دروست ببێت، بەتایبەت موزیک، بۆیە بڕیارمدا ئەم پڕۆژەیە دروستبکەم، سەرەتا بە پڕۆژەی موزیک و گۆرانی دەستمان پێکرد، بە هاوکاری ئەرسەلان کامکار، لەوێوە بیرۆکەی دروستکردنی پڕۆژەی بینراو دروستبوو، بەجۆرێک کارێک بکەین شێوەکاران لەژێر کاریگەریی هۆنراوەکانی گۆراندا بتوانن ئیلهام وەربگرن، خۆشبەختانە ئەمەش سەرکەوتوو بوو".

لەکۆتاییشدا رێکخەری پێشانگەکە جەختی لەوەکردوە، بە ئومێدن بتوانن تەواویی پڕۆژەکە ببەنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و گوتی، "هەر بەو ئومێدەوە دەستمان پێکردووە و ئەمە هەنگاوی سەرەتایە، بەهۆی ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بە تەواویی نەتەوەییە و تایبەتە بە سەرخستنی بواری هونەری کوردی، چ لە موزیک بێت، یان شێوەکار یاخود وێنەگرافی، تا بینەری بیانی بتوانن بەرکەوتەی هونەری کوردی بن بە هەموو بوارەکانی دیکەیەوە".