دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: بکوژی دابان عوسمان دەستگیرکرا

وێنەی دابان عوسمان و لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە گرژیەکانی گوڵەخانە کەسێک کوژرا و بکوژەکەشیان دەستگیرکردووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئێوارەی 4ی نیسانی 2024، لە گوندی گوڵە خانە پاش ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی چەکداری لە نێوان هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕوویدا، بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربونی چوار کەسی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بکوژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دەستگیرکرا.

ئێوارەی دوێنێ، عەبدوڵا حاجی مەحمود بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لە گوڵەخانە شەڕ روویداوە و سەرۆکى حیزبى سۆسیال دیموکراتى کوردستان خۆى چووەتەسەر ماڵەکەى.

گوتیشى، سەرۆکى حیزبى سۆسیال بەدەستى خۆى (ئاڕ پى جى)ییەکى ناوە بە ماڵەکەیەوە، شەڕەکە بەردەوامە و کوڕەکەى برینداربووە، لە شەڕەکەدا دوو کەس برینداربوون و گولـلە بەر سەریان کەوتووە.

بەرزان عوسمان،گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە کەناڵ8ـى راگەیاند، تاوەکو ئێستا شەڕ لە گوڵەخانە بەردەوامە و  پیشمەرگەیەک بەناوی دابان عوسمان تەمەن27 ساڵ گیانیلەدەستداوە، تەرمەکەی لە نەخوشخانەی شەهید شەوکەتە لەقەزای سیدسادق.

میدیای فەرمی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ئەو کەسەی کوژراوە ناوی دابان محەمەدە و پاسەوانی شەرام محەمەد حاجی مەحمودە.