یەکێک لە تێوەگلاوانی دزیی سەدە لە پارێزگای دیالە دەستگیرکرا

بەشێک لەو پارە دزراوانەى پێشتر گەڕێندرانەوە.

چەند سەرچاوەیەکی جیاواز لە پارێزگای دیالە و دەستەی دەسپاکی عێراقەوە بە میدیاى عێراقیان راگەیاند، یەکێک لە تێوەگلاوەکانی دزیی سەدەی نوێ لە پارێزگای دیالە دەستگیرکراوە.

رۆژی هەینی 5ـى نیسانی 2024، میدیاى عێراقى دەستگیرکردنی کارمەندێکی دیوانی پارێزگای دیالەیان بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکردووە، تۆمەتبارەکە حەوت قاسەی گەورەی پڕ لە پارە و بڕە پارەیەکی زۆرى دیکە و پارچەی شوینەواریی لەلا گیراوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022دا، بۆ یەکەمجار پەردە لەسەر دۆسیەی "دزیی سەدە"ی مەزن لە عێراق هەڵماڵدرا کە چەندین بەرپرسی گەورە و بازرگان تێوەگلابوون، لە دۆسیەی دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری عێراقیدا، کە بەرامبەر بە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، ئەو پارانە لە فەرمانگەی باجی عێراق دزرابوون.

بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی پارێزگای دیالە، نزیکەی 30 ملیار دیناری عێراقی لە سنوورى پارێزگاکە دزراوە.

تۆمەتبارەکە کە هێشتا ناوی بڵاونەکراوەتەوە، لە نزیک شارۆچکەی بەعقوبەی سەر بە پارێزگای دیالە دەستگیرکراوە.