سێنتکۆم: لە سێ مانگی رابردوودا 18 ئەندامی داعشمان کوشتووە

لۆگۆى فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی سێ مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، لە سێ مانگی رابردوودا 94 چالاکیمان بۆ تێکشکاندنی داعش ئەنجامداوە و 18 ئەندامی رێکخراوەکە کوژراون.

سێنتکۆم لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، "ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی بە هاوکاری هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئازاری 2024 لەسەر خاکی عێراق و سووریا 94 چالاکی بۆ تێکشکاندنی داعش ئەنجامداوە، 18 ئەندامی داعش کوژراون و 63ی دیکەش بەدیلگیراون".

ئەوەی تایبەتە بە چالاکییەکانی سێنتۆکم لە عێراق، راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "66 مانۆڕمان ئەنجامداوە و تیایدا 11 ئەندامی داعش کوژراون و 36 ئەندامی دیکەش بەدیلگیراون".

 دەشڵێت، "لە سێ مانگی رابردوودا لە عێراق و سووریا دوو  هەزار و 500 چالاکی تۆمارکراوە کە بەهۆیەوە توانراوە نۆ هەزار راگیراوی داعش بگەڕێنرێنەوە بۆ زیندانەکانی داعش لە سووریا و رادەستکردنیان بە کەمپی هۆڵ، بە ئامانجی دووبارە راهێنانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە".

_