لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینیدایە

دانیشتنێکى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فۆتۆ: راگەیاندنى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، جموجۆڵێکی پەرلەمانی هەیە، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و گێڕانەوەی ناوەڕۆکەکەی بۆ بەر لە ساڵی 2019.

موزر کورەوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لەگەڵ سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نشتیمانی گفتوگۆیکردووە، بە مەبەستی گێرانەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ پێشتر، کە بە 63 ساڵ دیاریکرابوو.

کورەوی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئێستادا بایەخ بەو بابەتەدا دەدات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە، پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشینیدا بکرێت و هەموار بکرێتەوە، بەتایبەت هەندێک لە وەزارەتەکان پێویستیان بە خزمەتی ژمارەیەک لە فەرمانبەرەکانیان هەیە، وەک کادێرە پزیشکی و پەروەردەییەکان.

ئەنجوومەنی نوێنەران لەساڵی 2019، یاسای خانەشینی هەموارکردەوە، بەتایبەت ئەو بڕگەیەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە کردە 60 ساڵ، ئەوەش قسە و باسێکی زۆری لەناو چینی فەرمانبەراندا لەناو فەرمانگەکانی دەوڵەتدا هێنایە ئاراوە.