وەزارەتى ناوخۆی هەرێمی كوردستان روونکردنەوە لەبارەى بڕیارێکى دەدات

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە 4ـی ئەم مانگە بڕیاریدا، بە راگرتنى پێدانى ڤیزا بە هەڵگرانى پاسپۆرت و تراڤڵ دیکۆمێنتى سوورى، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆش دەڵێت، ئەو بڕیارە ژمارەیەک لێکەوتەى هەیە و پێویستى بەدەرکردنى رێنماییە.

د. هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە کە دراوە، لە ئێستادا تەنیا پێدانى ڤیزا بە سوورییەکان راگیراوە.

گوتیشى، ئەم بڕیارە ژمارەیەک وردەکاریى هەیە سەربارەت بەو سووریانەى ئێستا لەهەرێمى کوردستانن بەتایبەت ئەوانەى کارتى نشینگەیان هەیە، لەگەڵ ئەو خانەوادانەى نیوەى ئەندامەکانیان لە هەرێمى کوردستانن و نیوەکەى دیکەى لە سووریان، دواى بەدواداچوونى بابەتەکە رێنمایی پێویستى لەبارەوە دەردەکەن.

بەگوێرەى بریارەکەى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، گەشتیارانى سوورى و ئەوانەش کە ڤیزایان هەیە و پێش رێککەوتى 29ـی ئازارى 2024 هاتوونەتە هەرێمى کوردستان، ناتوانن ڤیزاکانیان بگۆرن بۆ نیشینگە و بەر لەتەواوبوونى ماوەکە دەبێت هەرێمى کوردستان بەجێبهێڵن.

پێشتر لە بەغداد، ئەحمەد ئەسەدى، وەزیرى کارى عێراق و جەدعان دندح، باڵیۆزى سووریا لە عێراق دۆخى کرێکارە سوورییەکان و بڕیارى راگرتنى ڤیزایان بەو كرێكارانە تاوتوێکردووە.

بەگوێرەى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، وەزیرى کارى عێراق رایگەیاندووە، پێویستە بوونى کرێکارە سوورییەکان بەگویرەى یاساى کارى عێراقى و بازارى کار رێکبخرێن.

هاوکات، باڵیۆزى سووریا لە عیراق رایگەیاندووە، پێویستە چارەسەرى کێشەى رەوەندى سوورى لە عێراق بکرێت و ئەوانەى کێشەى پێدانى کارتى نشینگەیان هەیە کێشەکانیان چارەسەربکرێت، سوورییەکانى عێراق رۆڵى کاریگەریان هەبووە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و ئاسانکاریى بۆ ئەو کرێکارانەش بکرێت، کە لە داهاتوودا لە وڵاتەکەیەوە دێنە عێراق.