دارا سێکانیانی: مووچەی مانگی چواری هەرێم دوای مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەنێردرێت

دارا سێکانیانى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ یاخود لە  دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بەغداد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت و مووچەی مانگی چوار دابەشدەکرێت.

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەوتووتە سەر سکەی خۆی و ئەگەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندبن بە رێککەوتنەکانی نێوانیان، مانگانە بەبێ کێشە مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن.

لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی نیسان گوتی، مانگانە لە عێراق لە 18ـی مانگ بەدواوە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و تاوەکو 25ـی مانگ دەخایەنێت، بە گوێرەی بڕیاری داگای فیدڕاڵی، دەبێت فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچە وەربگرن، بۆیە لەگەڵ یاخواد لە پاش تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، پارە بۆ هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت.

گوتیشی، بە دیاریکراوی رۆژەکەی دیار نییە کەی پارە دەگات، بەڵام بەگوێرەی هەموو ئاماژەکان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە پارەی مووچەی مانگی چوار دەگات.

دارا سێکانیانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەلای بەغدادەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت ئەوا لەکاتی خۆیدا پارە دەگات و فەرمانبەران مووچە وەردەگرن.

هاوكات هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی نیسان دەستیپێکردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 30ـی ئازاری 2024، دەستیکرد دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی 2024 و تاوەکو 4ـی نیسانی 2024، مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی دابەشکرد.

لە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەستیپێکرد، بڕیارە لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشبکرێت.

لە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغداد دەکات بۆ ئەوەی پارەی مووچەی مانگی نیسان بنێرێت و دابەشیبکات.