لێدوانی سودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان

دیناری عێراقی فۆتۆ: حەمەسوور- کەناڵ8

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، رژدن لەبارەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و پاش كۆبوونەوەكە سودانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، "وەزارەتی دارایی حکومەتى فیدراڵ و هەرێمی کوردستان هەماهەنگیان لەبارەی مووچە کردووە".

باسی لەوەشكرد، "ئێمە رژدین لەبارەی خەرجکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە".

سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، "دەبێت رێگە بدرێت کارەکانی بەبانکیکردنی مووچە بەڕێوەبچێت، هیوادارین رێککەوتنی نێوان حکومەتى هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵی جێبەجێبکرێت".

لەبارەی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان گوتی، باسی پرسی نەوتیان کردووە و هەندێک گرفت لە بەردەم پرسەکە ماون، هیوادارن چارەسەربکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 6ـی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك چووە بەغداد بۆ بەشدارییكردن لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەبارەی چەند پرسێكی تایبەت دەبێت.

هاوكات، هەر ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ بەشدارییكردن لە هەمان كۆبوونەوە گەیشتە بەغداد.