راگەیەندراوى کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت

کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت

کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە بەغدا کۆتاییهات و لە راگەیەندراوێکى هاوپەیمانییەتییەکەدا هاتووە "گفتوگۆى چارەسەرکردنى دۆسیە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان کرد بەگوێرەى دەستوور".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "کۆبوونەوەکە کە بەئامادەبوونى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا چەند پرسێکى تایبەت بە دۆخى سیاسیى و ئەمنیى و ئابووریى و هەنگاوەکانى حکومەتى عێراق لەپێناو باشکردنى دۆخى ئابووریى و گوزەرانى هاوڵاتیان لەسەرجەمى ناوچەکانى عێراق گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و شاندى هاوەڵى بۆ ئەمریکا گفتوگۆى لەبارەوە کرا، لەگەڵ ئەو دۆسیە و تەوەرانەى کە لەو سەردانەدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، سەرکردەکانى هاوپەیمانێتیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پاڵپشتییان لە سەردانەکە دەربڕى".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "لەکۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و چارەسەرکردنیان بەگوێرەى دەستوور کراوەتەوە، بەجۆرێک لەبەرژەوەندى گەلى عێراق بێت بەسەرجەمى پێکهاتەکانى لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بڕگەکانى ئەو رێککەوتنە سیاسییەى کە حکومەتى عێراقى لەسەر دامەزراوە".

كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە بەشداری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه لەشارى بەغداد ئەنجامدرا.