پیلیگرینی کێبڕکێی سەرۆکایەتی سلۆڤاکیای بردەوە

پیتەر پیلیگرینی. فۆتۆ: AFP

پیتەر پیلیگرینی، بەگوێرەى ئامارە نیمچە فەرمییەکان و دوای جیاکردنەوەی 96%ى دەنگەکان، کێبڕکێی سەرۆکایەتی سلۆڤاکیای لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردووەتەوە.

پیلیگرینی کە پێش هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمانی سلۆڤاکیا بووە بەلایەنگریی رووسیا دادەنرێت 54%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەریشدا رکابەرەکەی ئیڤان کۆرکۆک، کە لایەنگری ئەوروپا و ئۆکرانیایە تەنیا 46%ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە.

ئیڤان کۆرکۆک، شکستهێنانی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا راگەیاند و پیرۆزبایی لە پیلیگرینی کرد.

سەرۆک لە سلۆڤاکیا هەرچەندە دەسەڵاتەکانی سنووردارە، بەڵام رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پەسەند دەکات و هەروەها دادوەرە سەرەکییەکانی دیاریدەکات و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیە و مافی رەتکردنەوەی ئەو یاسایانەی هەیە کە لە پەرلەمان دەردەچن.