ترەمپ: من نیلسۆن ماندێلای سەردەمی نوێم

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا فۆتۆ: AP

پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنی لەسەر چوار تۆمەتى تاوانکاری کە هەریەکەیان سزای زیندانیکردنی لەسەرە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند "ئەگەر دادگا بیەوێت من بخاتە زیندانەوە لەسەر ئەوەی راستیم وتووە ئەوا بەخۆشحاڵییەوە قبوڵی دەکەم و دەبمە نیلسۆن ماندێلای سەردەمی نوێ".

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری چاوەڕوانکراوی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروز سۆشیاڵ" رەخنەی توندی ئاراستەی خوان میرشان دادوەری دادگاییەکەی گرتووە و رایگەیاندووە، خوان میرشان لە یەککاتدا  پێشێلی یاسا و دەستووری کردووە.

ئەمە جاری یەکەم نییە ترەمپ خۆی بە نیلسۆن ماندێلا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور بەراورد بکات و لەساڵی 2023 لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەمان گوتەی دووبارە کردووەتەوە.

بریارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ترەمپ بە تۆمەتی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی پارەی داوە بە ئەستێرەیەکی پۆرن بۆ شاردنەوەی پەیوەندییەکەیان، دادگایی بکرێت.