وەزارەتی دارایی: بەغداد کۆی مووچەی مانگی سێی بۆ هەرێمی کوردستان نارد

دیناری عێراقی فۆتۆ: حەمەسوور- کەناڵ8

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغداد کۆی مووچەی مانگی سێی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد و پێش جەژن سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەریمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمێک لەمەوبەر دواین گوژمەی مووچەی مانگی ئازاز کە بڕەکەی 390 ملیار دینار بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

وەزارەتی دارایی دەڵێت: سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی دڵنیا دەکەینەوە کە پێش جەژن سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن بە پێی ئەو خشتەی مووچەیەی لەلایەن وەزارەتمانەوە راگەیەنراوە.  

بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، کۆی ئەو بڕە پارەیەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردویەتی، 950 ملیار و 960 ملیۆن دینارە.

دوێنێ شەممە 6ی نیسانی 2024، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە لە سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشبکرێت.