نێچیرڤان بارزانی: هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە لەو وادەیەی دیاریکراوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کەناڵ8 لە بەغداد لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەک بەرپرسیارێتی خۆی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕینێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە.

گوتیشی، ئەوە بابەتێکی سیاسییە و دەبێت هەموو هێزەکان قسەی لەسەربکەن و لە ئەنجامدا بە "تەفاهوم" لەم بابەتە دەربچن.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە چوارچێوە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداددا بوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، هەوڵدەدەن کۆبوونەوە و سەردانەکانیان بەردەوامبێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بەگفتوگۆ چارەسەر بکەن.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان گوتی، گفتوگۆمان لەسەر پرسی نەوت کرد و دەبێت هەناردەکردنەوەی دەستپێبکات و لە وەستانی هەناردەی نەوت زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیان بەر بوودجەی عێراق کەوتووە.