لە سیستان و بەلوچستان دوو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەرداگیرا

دوو ئالودەبووى ماددە هۆشبەرەکان، لەیەکێک لە شەقامەکانى تارانى پایتەختى ئێران. فۆتۆ: AP

فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، تەنیا لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو توانراوە لە پارێزگاکە دەستبەسەر زیاتر لە دوو تۆن ماددەی هۆشبەردا بگیرێت.

دۆست عەلی جەلیلیان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، دوو تۆن و227 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەماوەی 24 کاتژمێردا لە شارەکانی ساراوان، خاش، گوڵشان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستیبەسەردا گیراوە.

جەلیلیان دەڵێت، لە رێگای هێزەکانی ئاسایشی پارێزگاکەوە توانراوە رێگری لە گواستنەوەی ئەو مادانە بۆ ناوەوەی ئێران لەلایەن قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە بکرێت.

فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پۆلیس، دوای گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو، توانیویانە لە سێ ئۆپراسیۆندا پێنج قاچاخچی مادەی هۆشبەر دەستگری بکەن و دەستبەسەر 3 ئۆتۆمبێلیشدا بگرن.

ئێران ئێستا لە هێڵی پێشەوەی بەرەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی ماددەی هۆشبەردایە، بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە دەکەوێتە سەر رێگای ترانزێتی ماددە هۆشبەرەکان و ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددە هۆشبەرانە خەرجدەکات.

ئەسکەندەر موئمنی، ئەمینداری گشتیی بارەگای ماددەی دژە هۆشبەر رایگەیاند، خەمڵاندنەکان پیشانیدەدەن، 50%ی هەموو ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێنرێن، بە ئێراندا تێدەپەڕن.

بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران، لەو وڵاتە چوار ملیۆن و 900 هەزار کەس ماددەى هۆشبەر بەکاردەهێنن، رۆژ بە رۆژیش بەکارهێنەرانی زیاتر دەبێت.