لە تورکیا ساڵانە هەزاران کەس لەسەر سوکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار، دادگاییدەکرێن کە بە سەدانیان منداڵن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، تەنیا لەساڵی رابردوودا، داواکاری گشتی، 25 هەزار و 520 دۆسییەی لەسەر ئەو کەسانە کردووەتەوە کە بەگوێرەی دادگا، سوکایەتییان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە.
لەو رێژەیەش حەوت هەزار و 491 دۆسییەیان براونەتە دادگاکان.
وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ساڵی رابردوو 18 هەزار و 856 کەس بەگوێرەی ماددەکانی 299 و 301 وەک گومانلێکراو مامەڵەیان لەگەڵ کراوە کە سوکایەتییان بە سەرۆککۆماری تورکیا کردووە.
ئامارەکە ئەوەش دەردەخات، شەش هەزار و 897 کەس لە دادگاکان وەک تۆمەتبار ناسێندراون، لەو رێژەیە هەزار و 602 کەسیان سزادراون، هەزار و 982 کەس بە مەرجی دووبارە نەکردنەوەی "تاوانەکە" ئازادکراون و هەزار و 774 کەسیشیان بڕیاری بێتاوانبوونیان بۆ دەرکراوە.
ئامارەکەی وەزارەتی داد ئەوە دەردەخات، لە ساڵی رابردوودا 673 دۆسێ لەسەر 552 کەس کراوەتەوە کە منداڵن و تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە.