سەرۆکى یەکێتی بۆ لایەنەکان: یەکێتى لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لەوادەى خۆیدا

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق پێشوازى لە بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کرد، لەراگەیەندراوێکدا سەرۆکى یەکێتی ئاماژەى بەوەکرد، ئەوان رژدن لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی نیسانى 2024، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شارى بەغداد ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانى عێراق و باڵیۆزى وڵاتان ئەنجامدا و لەدواى کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆککۆمارى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، "یەکێتی وەک هێزێکی دەربەست هەر هەنگاوێک دەگرێتەبەر کە لەخزمەتی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک و لەپێناو پاراستنی مافە نەتەوەییەکان و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت".

کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

"هیچ پێشنیازێک بۆ دواخستنى هەڵبژاردن لەئارادا نییە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کۆبوونەوەیەکى دیکەى سەرۆکى یەکێتى، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو لە ماڵى مام جەلال لە بەغداد، بافڵ جەلال تاڵەبانى جەختی لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن کردەوە لەوادەى خۆیدا و رایگەیاند، "هیچ پێشنیازێک بۆ دواخستنى هەڵبژاردن لەئارادا نییە".

کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکى یەکێتى لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکى، باڵیۆزى ئەمریکا لە بەغداد، کۆبووەوە و رایگەیاند "رێز لەبڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا، گوتیشى، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی هەموولایەک بێت".

هەر لە کۆبوونەوەى لەگەڵ باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق، بافڵ جەلال تاڵەبانى رایگەیاند، "هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت".

کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەشى ئەم مانگە بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى بەمەبەستى بەشداریی لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، سەردانى بەغدادى کرد.