ئەو دوو ژنەی لە ئەمریكا ناچاركران حیجابەكانیان لابەن 17 ملیۆن دۆلار قەرەبوو كرانەوە

جەمیلە كلارك و ئاروا عەزیز، ئەو دوو ژنەی ناچاركرابوون حیجابەكانیان لاببەن.

شارەوانی نیویۆرك رەزامەندیدا بەبڕی 17 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار قەرەبووی ئەو دوو ژنە موسوڵمانە بكاتەوە، كە ساڵی 2018 لەلایەن ئەندامانی هێزەكانی پۆلیسەوە بە زۆر حیجابەكانیان پێ لابرابوو.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، جەمیلە كلارك و ئاروا عەزیز دوو ژنە موسوڵمانن و ساڵی 2018 داوایان لەسەر شارەوانی نیویۆرك تۆماركرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەندامانی پۆلیسەوە بەزۆر حیجابەكانیان پێ لابرابوو لەبەردەم دەیان پیاوی دیكەدا، تاوەكو وێنەیان بگرن.

روونیشكراوەتەوە، جەمیلە كلارك لەساڵی 2017 بەتۆمەتی پێشێلكردنی یاسا دەستگیركراوە و بەزۆر حیجابەكەی پێ لابراوە تاوەكو وێنەی بگیردرێت، هاوكات ئارووی عەزیزیش بەهەمان تۆمەت دەستگیركراوە و حیجابی پێ لابراوە بۆ وێنەگرتن، هەردووكیان لەبەردەم دەیان پیاو و بەندكراودا ئەو كارەیان بەرامبەر كراوە.

لەساڵی 2020 ئیدارەی پۆلیسی نیویۆرك سیاسەتەكانی لەبارەی حیجابەوە گۆڕی و رەزامەندیدا بەوەی ئەو ژنانەی دەستگیردەكرێن، دەتوانن بە حیجابەوە وێنەبگرن بەمەرجێك دەموچاویان نەشارێتەوە.

هەر لەساڵی 2018 شاری نیویۆرك بەبڕی 60 هەزار دۆلار بۆ هەر یەكەیان، قەرەبووی سێ ژنی كردەوە كە ناچاركرابوون بۆ وێنەگرتنیان حیجابەكانیان لاببەن، بەهۆی ئەوەشەوە بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافی ئایینییان سكاڵایان تۆماركردوو.