بەرگری شارستانیی هەولێر رایگەیاند، جارێکی دیکە ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتووەتەوە و تیمەکانیان لە شوێنی ئاگرەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی.
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کەناڵ8ـی راگەیاند، کاتژمێر 6:43 خولەکی ئەم بەیانییە ئاگادارکرانەوە لە بوونی ئاگر لە بازاڕی لەنگە دواتر گوترا کۆنترۆڵکراوە، کاتژمێر 7:47 خولەک هەمان ژمارە پەیوەندیی کردەوە و گوتی، ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و سەرجەم تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە.
گوتیشی، ئاگرەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە ئاگرەکەی پێشوو گەورەترە و شوێنەکەش هەمان شوێنی ئاگرەکەی پێشترە و لە ئێستادا تیمەکانیان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی رۆژە کۆنترۆڵکردنی ئاسانترە.
هاوکات ئەیوب وەرتی، پەیامنێری کەناڵ8 لە هەولێر لە شوێنی ئاگرەکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیارنییە و سێ تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بڕیارە تیمی دیکەش بگەنە شوێنی ئاگرەکە بۆ ئەوەی بە زوویی کۆنترۆڵبکرێت.
ئێوارەی ڕۆژی 27ـی شوباتی 2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و دوای سێ کاتژمێر کۆنترۆڵکرا.
ئاگرەکە بەشێوەیەکی لوتکەیی لە بازاڕەکە تەشەنەی سەند و بەهۆیەوە ژمارەیەک دوکان سوتاون، زیانێکی زۆری دارایی بەر خاوەن دوکانەکان کەوتووە، هاوکات بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە چەند هاونیشتمانییەک گەیەندرانە نەخۆشخانە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەش سێ کاتژمێری خایاند.
کاروان میراودەلی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، لە ئاگرەکەی رۆژی 27ـی شوبات، 185 دووکان سووتاون.