وەزارەتی دارایی بۆ کەناڵ8: هیچ مووچەخۆرێک نامێنێت ئەمڕۆ مووچە وەرنەگرێت

دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دابەشدەکرێت کە مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە و هیچ مووچەخۆرێک نامێنێت ئەمڕۆ مووچە وەرنەگرێت.

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لەدوای دەوامی فەرمیش، دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە بەردەوامدەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆیە و مووچەی سەرجەم ئەو وەزارەت، دەستە و فەرمانگانە دەدرێت کە لە خشتەی مووچەدان و پێش جەژن سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران مووچەکانیان وەردەگرن.

بە گوێرەی خشتەی دابەشکردنی مووچە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، خوێندنی باڵا، کاروباری شەهیدان، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، ئەنجومەنی دادوەری، دیوانی چاودێری دارایی، ئەنجومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، یەکەی 70 و 80، پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە دابەشدەکرێت.

دوێنێ یەکشەممە 7ی نیسانی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوایین گوژمەی مووچەی مانگی ئازاز کە بڕەکەی 390 ملیار دینار بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، کۆی ئەو بڕە پارەیەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردویەتی، 950 ملیار و 960 ملیۆن دینارە.

رۆژی شەممە 6ی نیسانی 2024، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بە گوێرەی خشتەکە ئەمڕۆ کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاردێت.