تمەنی ئێرانی نزمترین ئاستی لە مێژووی خۆی تۆمارکرد

تمەنی ئێرانی

دۆلارێکی ئەمریکی بەربەستی 65 هەزار تمەنی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێران تێپەڕاند، بەمەش ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد.

بەگوێرەى بازاڕى دراو، هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە نرخی 65 هەزار و 100 تمەن لە بازاڕی کراوەی ئێراندا مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەهاى 100دۆلاری ئەمریکیش بووە بە شەش ملیۆن و 65 هەزار و 100 تمەن، بەوەش تمەنی ئێرانی نزمترینی ئاستی لە مێژووی خۆی تۆمارکرد.

تمەنی ئێرانی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 15%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە و لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەرکونسوڵخانەی ئێران لە سووریا و هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دژی ئیسرائیل، بەهای تمەنی زیاتر دابەزاند، هەروەها بەهای هەر یۆرۆیەکیش لە بازاڕی کراوەی ئێراندا بە نزیکەی 69 هەزار و 650 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی نیسانی 2024 لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلاری ئەمریکی بە شەش ملیۆن و 350 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دەسەڵاتدارانی ئێران هۆکاری دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا روون ناکەنەوە، بەڵام ئامارە گومرگییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هاوسەنگیی نەرێنیی بازرگانی وڵاتەکە لە بەرزبوونەوەدایە.