هەوری.. لەناوەندی دیوان و دەستووری زماندا

یەکێکە لە شاعیرە ناسراوەکانی کورد، هاوتای نووسینی شیعر، رێبەرێکی پەروەردەییش بووە، ئەبوبەکر شێخ جەلال، ناسراو بە أ. ب. ھەوری، رێکەوتی هەشتی نیسانی 1979، کۆچیدوایی کردووە.

ئەبوبەکر، کوڕی شێخ جەلال، کوڕی شێخ تەهای کوڕی شێخ سەلامە، ساڵی 1915، لە گوندی چنارەی شارباژێڕ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، پاش تێپەڕینی 10 ساڵ، بنەماڵەکەی روو دەکەنە شاری سلێمانی، قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەکانی ئەم شارە تەواوکردووە و لە شاری بەغداد، خانەی مامۆستایانی لە ساڵی 1938 تەواوکردووە، پاشان لە شارەکانی هەڵەبجە، پێنجوێن و سلێمانی مامۆستا بووە و لەسەر هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەکانی زیندانیی کراوە، بەشداریی شەڕی بەردەرکی سەرای کردووە، پاشان ئەرکی بەڕێوەبەرێتیکردنی گرتووەتە ئەستۆ، لەوانە قوتابخانەکانی ئەیوبیە، فەیسەڵیە، سورداش و کانێسکان، ساڵی 1969 خانەنشینکراوە.

هەوری زمانزان بووە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بابەتی نووسیوە، لە چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کوردییدا بابەتی بڵاوکردووەتەوە و ناوێکی ناسراو بووە، لەوانە: گەلاوێژ، دەنگی گێتی تازە، بڵێسە و هەتواو، هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوەی شیعری کردووە، لە قۆناغی لاوێتییدا دەستی داوەتە نووسینی شیعر، وێڕای نووسینی شیعر، چەند لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر زمان هەیە، لە ئاستی شانۆشدا جێدەستی دیارە.

شێخ نیزامەدین شێخ جەلال و هەوری شاعیر

لەماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، هەوری جگە لە دیوانێکی شیعریی کە لە سێ بەرگ پێکهاتووە، دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

دیوانی ئازار و ئاوات 1956
دیوانی بەرهەمی خەبات 1959
چیرۆک بۆ شانۆ – دڵداری و پەیمان پەروەری 1971 – دوو بەرگ
شانۆگەری – بیری ئازادی رێگای ئازادی 1959
کورتەچیرۆک – بووکی ژێر دەواری رەش 1961
سەڵاحەدین شێری دوو کیشوەر 1967
دەستووری نووسینی زمانی کوردی بە پیتی عەرەبی 1968
مەولەوی شاری شاعیرانی لاهوت و زانا و خۆشەویستی کورد
شیعری کۆن و نوێ
وەرگێڕانی: سەڵاحەدین و فێڵی بەنگکێشەکان
بیری ئازادی رێگای رزگارییە
بەرهەمی خەبات
چیرۆکێکی  بێناو لەبەردەم چرای روناکییدا

رێکەوتی هەشتی نیسانی 1979، لە تەمەنی 64 ساڵییدا کۆچیدوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ محێدین، بەخاکسپێردراوە.