وەزارەتی شارەوانی: لێخۆشبوون لە قەرزەكەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

دیناری عێراقی، فۆتۆ: كەناڵ8

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان وەک كرێی ئاو و خاشاك و رسوماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە(4651 لە (7/4/2024)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی نیسانی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكدا كە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاڕاستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا داوادەكات لە ئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت.

لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكوو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكوو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە ئەمڕۆوە لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێدەكرێت.