ملیۆنان کەس لە چاوەڕوانیی خۆرگیراندان

بڕیارە رۆژی دووشەممە، 8ی ئەم مانگە لە هەریەک لە ئەمریکای باکوور، مەکسیک و کەنەدا دیاردەی خۆرگیران روو بدات و بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو بەردەوامیی دەبێت.

ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 2024 دیاردەی خۆرگیران روو بدات، هاوکات بەگوێرەی زانیاریی شارەزایانی ئەو بوارە، تاوەکو ساڵی 2026 جارێکی دیکە دیاردەیەکی هاوشێوە روو ناداتەوە.

دیاردەکە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر لە باشووری زەریای هێمن دەستپێدەکات و بە ملیۆنان هاوڵاتی لە هەریەک لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا چاودێریی دیاردەکە دەکەن، کە بەیەکێک لە دیاردە بێهاوتاکان دادەنرێت لەڕووی فەلەکەوە.

شارەزایانی بواری تەندروستیی چاو، هۆشداریدەدەن لەوەی تەماشاکردنی دیاردەکە زیان بەچاو دەگەیەنێت و رەنگە هاوڵاتییان بینایی لەدەستبدەن، هەر بۆیە رێنمایی بەکارهێنانی چاویلکەی تایبەت بەو دۆخە دەکەن.

دیاردەی خۆرگیران ئەو کاتە روودەدات کە مانگ دەچێتە نێوان زەوی و خۆر تاوەکو ئەو کاتەی بەتەواوەتی یاخود بە شێوەیەکی رێژەیی بەردەم خۆر دەگرێت.

دواهەمین خۆرگیران لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو روویدا.