گەشتوگوزاری دووکان: نرخی مانەوە لە کابینەی VIP دەگاتە 400 هەزار دینار

هاوینەهەواری دووکان، فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

گەشتوگوزاری دووکان رایگەیاند، نرخی مانەوە لە کەپر و کابینە گەشتیارییەکان دیاریکراوە و نرخی مانەوە لە کابینەی VIP بۆ 24 کاتژمێر، دەگاتە 400 هەزار دینار.

رێژین رەئوف، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دووکان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و سەردانیکەران، لە رۆژانی جەژندا چاودێری نرخی و خزمەتگوزارییەکانیش دەکەن.

گوتیشی، ئیدارەی قەزای دوکان و  کۆمەڵەی میوانخانەکان، نرخی کەپر و کابینە گەشتیارییەکانیان دیاریکردووە و نرخی یەک کەپر لە رۆژانی جەژنی رەمەزان لە نێوان 25 بۆ 60 هەزار دیناردایە و نرخی مانەوە بۆ 24 کاتژمێر لە کابینەی ئاسایی لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناردایە.

بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دووکان ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی کابینەیVIP دوو نهۆمی کە شوێنی پێنج خێزان دەبێتەوە، لەنێوان 350 بۆ 400 هەزار دیناردایە، کابینەش هەیە کەپری لەگەڵدایە و نرخەکەی دەگاتە 200 هەزار دینار.

لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەرانی دووکان دەکەن، رێژین رەئوف گوتی، لە رۆژانی جەژنی ساڵی رابردوو نزیکەی 100 هەزار گەشتیار و سەرانیکەر روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی دووکان کردبوو، بۆ جەژنی ئەمساڵیش پێشبینی دەکەن ژمارەی سەردانیکەران بگاتەوە ئەو ژمارەیە و زۆرینەی گەشتیارەکانیش لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن.

هاوکات، ژمارەیەک لە خاوەن پرۆژە گەشتیارییەکانی دووکان بە کەناڵ8 یان راگەیاند، بەشێکی زۆری کەپرەکانیان پێشوەختە بۆ رۆژانی جەژن گیراون، بەتایبەت بۆ سێیەم رۆژی جەژن زۆرترین کەس کەپرەکانیان گرتووە.

بەگوتەی خاوەنی ئەو پڕۆژە گەشتیارییانە، نرخی کابینەیەک لەنێوان 30 بۆ 60 هەزار دیناردایە.