کەشناسی: یەکەم رۆژی جەژن باران و هەورەبرووسکە دەبێت

بارانبارین لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور-کەناڵ8

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی چوارشەممە کە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، بارانبارین و هەورەبرووسکە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی نیسانی 2024، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، پاشان دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو و لە دوای نیوەرۆ بارانبارین دەستپێدەکات هەورە تریشقەشی لەگەڵدادەبێت و هەموو ناوچەکانی هەرێمی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

دەشڵێت: لەگەڵ بارانبارین پێشبینی دەکرێت خێرایی با زیادبکات، بە تایبەت لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی هەرێمی کوردستان و لە هەندێک ناوچەى دەشتى هەولێر وەک قوشتەپە و دیبەگە و هەندێک ناوچەى ڕۆئاوای سلێمانى وەک بازیان و چەمچەماڵ و لە ئیدارەى راپەڕین و قەزای کۆیە و دەوروبەرى ئەگەرى بارانى بەلێزمە هەیە.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی چوارشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین و هەورە بروسکە ناوچەشاخاوییەکان و پارێزگای سلێمانى دەگرێتەوە و پاشان سەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسی، سبەی پلەی گەرما 3 بۆ 5 پلە نزمدەبێتەوە و خێرایی با مامناوەند دەبێت.