وەزیری پەروەردە: لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ رەوانەی بەغداد دەکەین

ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەگرێبەستکردن رەوانەی بەغداد دەکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ هەموو مووچەخۆراندا، شایستەی مووچەیان وەربگرن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردسان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات کە لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بە گرێبەستبوونی کۆی وانەبێژان لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ  بکرێت و داوای تەرخانی دارایی لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت کە هەموو  مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان وەک گرێبەستی هەمیشەیی و لەگەڵ هەموو مووچە خۆراندا شایستەی مووچەیان وەربگرن.

وەزیری پەروەرد داوا دەکات، پاڵپشتی ئەم هەنگاوەی حکومەتبن و دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێبکات .

بە گوێرەی راگەیەندراوکەی ئالان حەمەسەعید، لە ڕۆژی سێشەممە 16ی نیسانی 2024، وەزارەتی پەروەردە لیستی کۆی مامۆستایانی وانەبێژ ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت.