کۆمیکێکی سوپەرمان بوو بە گرانبەهاترینی مێژوو

یەکەم کتێبی کۆمیکی "سوپەرمان"، کە بە بڵاوکراوەیەکی دەگمەن و سەرەتایی ئەم پاڵەوانە سەروو سروشتییە دادەنرێت، چەند ملیۆنێک دۆلار کۆدەکاتەوە و دەبێت بە گرانبەهاترین کۆمیک لە مێژوودا.

یەکەم کتێبی کۆمیکی پاڵەوانی بەناوبانگی کۆمپانیای دی سی، سوپەرمان، کە ساڵی 1938، بڵاوکراوەتەوە و یەکەم بەرگ بووە چیرۆکی ئەم پاڵەوانە بگێڕێتەوە، توانی بەبەهای شەش ملیۆن دۆلار، لە خانەی کەلەپووری تێکساسی ئەمریکا بفرۆشرێت و ببێت بە گرانبەهاترین کۆمیک لە مێژوودا.

کتێبەکە، لە ئاستی زنجیرەی یەکەمی گێڕانەوەی چیرۆکی سوپەرماندا، ژمارە یەکی پێدراوە، بە دەگمەنترین کۆمیکی جیهان دادەنرێت و لە کۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوودا تەنها بە 10 سەنت فرۆشراوە، کە بەهاکەی یەکسانە بە دوو دۆلاری ئێستا.

لەماوەی رابردوودا، بڵاوکراوەیەکی دیکەی سوپەرمان، لە زیادکردنێکی تایبەتدا بەبەهای پێنج ملیۆن و 300 هەزار دۆلار فرۆشرا و بوو بە گرانبەهاترینی مێژوو، بۆ جارێکی دیکە، سوپەرمان توانی تۆمارەکەی خۆی بشکێنێتەوە.

کڕیاری ئەم کۆمیکە بە نەناسراوی ماوەتەوە، ژمارەیەک لە هەوادارانی سوپەرمان دەڵێن، ئەکتەری دیاری هۆڵیوود، نیکۆڵاس کەیج کڕیویەتییەوە، ژمارەیەکیشیان دەڵێن، ملیاردێری لوبنانی، ئەیمەن هەراری کڕیاری کۆمیکەکەیە.

کارەکتەری سوپەرمان، لە سەرەتای سییەکانی سەدەی رابردوودا، لەسەر دەستی جێری سیگێل دروستکراوە و وێنەکەی لەسەر دەستی شێوەکار جۆ شوستەر کێشراوە و خانەی "بڵاوکراوە هاوپەیمانە نیشتمانییەکان" خاوەندارێتییان کردووە، پاشان لەلایەن کۆمپانیای دی سی، کڕدراوەتەوە و ئێستا هەڵگری مافی بەکارهێنانی ئەم کەسایەتییە بەناوبانگەن.

لە ئاستی سینەماییدا، سوپەرمان، کە بە پیاوە ستیلەکەش ناسراوە، خاوەنی پێنج فیلمی سەربەخۆیە و بەشێوەیەکی گشتییش لە هەشت بەرهەمدا دەرکەوتووە، لە ئاستی وێناکردنەوە هونەرییەکانیشدا، 35 جۆری لێدروستکراوە و بە بەهێزترین کەسایەتیی جیهانی دی سی دادەنرێت.