فیلمی نوێی پاپای بەرهەمدەهێنرێت

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڤێرایەتی، هەریەک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم، چێرنین ئینتەرتەینمنت و کینگ فیچەرز، سەرقاڵی داڕشتنەوەی پلانن بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی نوێی زیندووی کارەکتەری دڵخوازی هەمووان، پاپای.

لە ئاستی بەرهەمهێنانی ئانیەیشن و سینەمادا، هیچ کارەکتەرێکی ناو دەریا، بەهێندەی پاپای کەشتیوان دیار و ناسراو نییە، ئەم کارەکتەرە ئاشق بە سپێناخە، بۆ یەکەمینجار لە گۆڤارێکی وێنەی کێشراو دەرکەوتووە لە بیستەکانی سەدەی رابردوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆڤاری ڤێرایەتی، فیلمێکی زیندووی تایبەت بە پاپای لە بەرهەمهێناندایە و بودجەیەکی گەورەی بۆ تەرخانکراوە، میشێل کالیۆ، نووسەری سوپرانۆس، سەرقاڵی نووسینی سیناریۆکەیەتی و پێشبینی دەکرێت سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت.

دوایین جار فیلمێکی زیندوو لەسەر کارەکتەری پاپای دروستکرابێت، ساڵی 1980 بوو کە لەلایەن رۆبین ویڵیامسەوە رۆڵی گێڕدرابوو، فیلمکە لە دەرهنانی رۆبەرت ئالتمان بوو، لەکاتێکدا بە فیلمێکی سەرکەوتوو هەژماردەکرێت لە ئاستی کۆکردنەوەی داهاتدا، بەڵام نەیتوانی لە رەخنەی رەخنەگرە سینەماییەکان دەربازی ببێت.

بۆ ئەمساڵ، کارەکتەری پاپای یادی 95 ساڵەی دروستبوونی دەگێڕێت، لە ئاستی بەرهەمهێنانی زنجیرەی کارتوون و ئانیمەیشندا، بە یەکێک لە کاریگەرترین کارەکتەرەکان دادەنرێت کە توانیویەتی ناوەندە جیاوازە جەماوەرییەکان ببڕێت و دیمەنەکان داگیربکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هێشتا هیچ ئاماژە و گرتەیەک بۆ فیلمە نوێیەکەی پاپای بڵاونەکراوەتەوە و هەواداران پێکڕا چاوەڕوانی زانیاریین لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانەوە.

پاپای کەشتیوان، کارەکتەرێکی خەیاڵیی ناو زنجیرە کتێب و ئانیمەیشنە، لەسەر دەستی هونەرمەندی ئەمریکی، ئێلزی کریسلەر سیگار، ساڵی 1929 دروستکراوە و لە کتێبی وێنەیی Thimble Theatre دەرکەوتووە، تایبەتمەندییەکانی ئەم کەشتیوانە، لە خواردنی سپێناخ و ماسولکەی بەهێز و کێشانی پایپ پێکهاتوون، تەنها یەک چاوی هەیە، لە تێکڕای گرفت و کێشەکاندا، کە بە خواردنی سپێناخەکەی، ووزە و توانایەکی سەروو سروشتیی پەیدادەکات و ناچار دەبێت خۆشەویستەکانی بپارێز، بەدیاریکراوییش کچە هاوڕێکەی بەناوی ئۆلیڤ ئۆیل.