عێراق 100 ملیۆن دۆلار بۆ بەنیشتمانیکردنی پیشەسازیی دەرمان تەرخاندەکات

کارگەی تەندروستیی نیشتیمانیی عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ بانکێکی تورکیا رێککەوتوون لەسەر گرێبەستێک بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی خەرجیی پرۆژەی بەنیشتمانیکردنی پیشەسازیی دەرمان.

عەلی حازم کەمال، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کارگەی تەندروستیی نیشتمانیی عێراق، کە لە سەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ ئەمریکا یاوەری بوو، بە میدیای عێراقیی راگەیاندووە، بەمەبەستی بەنیشتمانیکردنی پیشەسازیی دەرمان، حکومەتی عێراق بڕی 100 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ پشتیوانیکردنی کارگە ناوخۆییەکانی دەرمان، لەوانە دابینکردنی 70%ی تێچووی دامەزراندنی ئەو کارگانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە، لەگەڵ دابینکردنی 85%ی تێچووی هێنانی کارگەکان.

سەرۆکی دەستەی تەندروستیی نیشتمانی دەڵێت، هێنانی ئەو کارگانە بەناوی حکومەتەوە دەبێت، تاوەکو دانەوەی بڕی تێچووەکەی لەلایەن وەبەرهێنەوە.

راشیگەیاندووە، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ یەکێک لە بانکەکانی تورکیا ئەنجامداوە کە خاوەنی لقێکە لە عێراق و متمانەی حکومەتی هەیە، بانکی بازرگانیی عێراقیش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی قەرز بە وەبەرهێنەران، بە مەبەستی هاوردەکردنی ئامێرەکانی پیشەسازیی دەرمان.

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کارگەی تەندروستیی نیشتمانی ئەم هەنگاوەی بە "سەرکەوتوو" ناوبرد و گوتیشی، "دەتوانێت سوودێکی زۆر بە کارگەکانی دەرمانسازی بگەیەنێت"، ئەمە جگە لەوەی بە گوتەی ئەو، "سوودەکەی لە بەرژەوەندیی پیشەسازیی دەرماندایە".