وەزیرى ئەوقافى هەرێم: دواى جەژن لیستى مووچەى مانگى 4 ئامادە دەکرێت

فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئاینیی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "دواى جەژنى رەمەزان حکومەتى هەرێم لیستى مووچەى مانگى 4 ئامادە دەکات".

گوتیشى "وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان خەریکى ئامادەکردنى لیستى مووچەى مانگى نیسانە بۆ ئەوەى بتوانن دواى جەژن مووچەى مانگى نیسانیش دابەشبکەن".

پشتیوان سادق ئاماژەى بەوە کرد "مووچە مافێکى سەرەتایی مووچەخۆرانە و دەخوازێت ئەو پەنجەرەیەى لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد کراوەتەوە بەردەوامبێت".

وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئاینیی حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە هاوکات ئەندامى مەکتەبی ناوەندیی پارتییشە، لەبارەى بەشدارینەکردنى پارتى لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند "پارتى لە هەڵبژاردنى ساڵى 1992ەوە هەر یەکەم بووە، ئێستاش ناچنە هەڵبژاردنێک کەسانى دیکە دیزاینیان کردبێت".

گوتیشى "بایکۆتکردنى پارتى بەهۆى ئەوەیە دەیەوێت سنوورێک بۆ ئەو پرسە نادەستووریی و نایاساییانەى بەسەر هەرێمى کوردستاندا دەسەپێندرێت دابنێت".