دەستەی گەشتوگوزار: لە سێ مانگدا زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

هاوینەهەواری دووكان. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت: "لەماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان".

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار روویان لەناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

 هەرێمی كوردستان جگە لە هاوینەهەواری گەشتیاری بۆ وەرزی بەهار و هاوین، لەناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان، تایبەتمەندیی گەشتیاری زستانەی هەیە و ساڵانە لەو وەرزەدا بە سەدان هەزار گەشتیار بەمەبەستی چێژ وەرگرتن لە دیمەنەكانی زستان، لە بەشەكانی دیكەی عێراقەوە بەتایبەت دێنە هەرێمی كوردستان

پێشتریش ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، دەستەكەیان پلانێكی درێژخایەنی هەشت ساڵی و پلانێكی مامناوەندیان دارشتووە، ئامانجیانە پێشوازیی لە 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێكدا بكەن.