عەمار حەکیم داواى پێداچوونەوە بە ئەزموونى سیاسیى عێراق دەکات

عەممار حەكیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی. فۆتۆ: AP

سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى، داواى کۆبوونەوەى سەرکردە باڵاکان بۆ پێداچوونەوە بە ئەزموونى سیاسیى لە عێراق دەكات.

عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى  لە گوتارى نوێژى جەژندا رایگەیاند، ئەزموونى سیاسى بە قۆناغى مەترسیداردا گوزەرى کردووە، ئەگەر دانایی مەرجەعیەتى باڵا و دڵسۆزیى هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان نەبوایە، لەوانەبوو سەرجەم دەستکەوت و قوربانیدانەکان لەدەستبدەین.

گوتیشى، بەهۆى هەوڵەکانى حکومەت، ئارامى لە وڵاتدا بەردەوامە و پێویستە لەسەر هەمووان هاوکاریى و هەمانگى یەکتر بکەن بۆ پاراستنى دەستکەوتەکان، داواشى لە سەرکردە نیشتمانییەکان کرد لەسەر ئاستى باڵا کۆببنەوە و بە سوود وەرگرتن لە کەشى ئەرێنى وڵات، پێداچوونەوە بە ئەزموونى سیاسیى عێراق بکەن، بە مەبەستى بەهێزکردنى و هاتنەدەرەوە بە بڕیارى جەوهەرییەوە.

عەمار حەکیم راشیگەیاندووە، سەردانەکەى سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن گرنگە و پێویستە کۆدەنگى و پاڵپشتى عێراقى هەبێت، تاوەکو حکومەت بەردەوامى بدات بە دانوستان و گفتوگۆکان لەبارەى داهاتووى پەیوەندییەکانى عێراق و ئەمریکا.