لە بۆردوومانێکى ئیسرائیلدا سێ کوڕ و سێ نەوەى ئیسماعیل هەنییە کوژران

وێنەی ئیسماعیل هەنییە و سێ كوڕە كوژراوەكەی.

لە بۆردوومانێکى ئیسرائیلدا سێ کوڕ و سێ نەوەى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى حەماس کوژران.

نووسینگەى راگەیاندنى حکومەتى غەززە بڵاویکردەوە، لە بۆردوومانێکى ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە کەمپى شاتی لە باکوورى غەززە، شەش کەس کوژران کە سیانیان کوڕى ئیسماعیل هەنیەن، بەناوەکانى "حازم، ئەمیر و محەمەد"، سێ كەسەكەی دیكە نەوەكانی ناوبراون بە ناوەکانى "ئامال، خالید و رەزان".

ئیسماعیل هەنییە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای عەرەبى رایگەیاند، ئیسرائیل بە کردنەئامانجى خێزانى سەرکردەکانیان پێیوایە ناچاریان دەکات سازش لەسەر داواکارییەکانى گەلەکەیان بکەن، بەڵام خوێنڕشتنیان سوورتریان دەکات لەسەر بیروباوەڕەکانیان و دەستگرتن بە خاکەکەیانەوە.

گوتیشى، منداڵەکانى لەگەڵ دانیشتوانى غەززە مانەوە و هاوشێوەى منداڵانى گەلەکەیان گیانیانلەدەستدا و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە.