مانگی شەشی ئەمساڵ کۆنفرانسی ئاشتی بۆ ئۆکرانيا بەڕێوەدەچیت

ژمارەیەك سەربازی ئۆكرانیا ئاڵای وڵاتەكەیان بەدەستەوەیە. فۆتۆ: AP

وەزيری دەرەوەی سويسرا رايگەياند، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ئاستی باڵادا ميوانداری کۆنفرانسی ئاشتی بۆ ئۆکرانيا  لە وڵاتەكەیان دەكەن.

ئیگناسیۆ کاسیس، وەزيری دەرەوەی سويسرا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانيدا رايگەياند، کۆنفرانسی لوکس لە هاوینەهەواری بورگنستۆک لە نزیک شاری لوزرن لە ناوەڕاستی سويسرا لە 15 بۆ 16ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، لەلایەن ڤیۆلا ئەمهێرد، سەرۆکی سویسراوە میوانداری دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجی پێویست بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بەدیهاتووە، وەکو هەنگاوی یەکەم پێویستە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی بەشداربوودا پەرەيپێبدرێت، بەئامانجی بەرەوپێشچوون بەرەو ئاشتییەکی هەمەلایەنە و دادپەروەرانە و بەردەوام لە ئۆکرانیا.

راشيگەياند، رووسیا بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا ناکات، ئەگەر نيازێک هەبێت بۆ ئەو بابەتە لە دانوستانەکانی داهاتوودا باسی لێوەدەکەين، پرۆسەی ئاشتی بەبێ رووسیا روونادات هەرچەندە لە یەکەم کۆبوونەوەدا ئەو پرۆسەیە نايەتەدی.

ناوەراستی مانگی يەکی ئەمساڵ ڤیۆلا ئەمهێرد، وەزیری دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، وڵاتەکەی رازی بووە بە داواکاریی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ رێکخستنی لوتکەی ئاشتی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی کە لە ساڵی 2022 دەستیپێکردووە.