ئیسرائیل: ئێران هێرشبكاتە سەرمان، لە خاكی خۆیەوە وەڵامی دەدەینەوە

یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP

وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی هەڕەشەکانی سەرکردەکانی ئێران دەدەنەوە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئێران هێرشبکاتەسەر خاكەكەیان، ئەوکاتە ئەوانیش هێرشدەکەنەسەر خاکی ئێران.

رۆژی چوارشەممە، عەلی خامنەئی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، هێرشی توندی کردە سەر ئیسرائیل و گوتی، "ئیسرائیل سزا دەدەین"، لە وەڵامدا یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی  و  یسرەئیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیان ئەگەر ئێران لەناو خاکی خۆیەوە هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوکاتە لەناو خاکی ئێراندا تۆڵە دەکەینەوە.

عەلی خامنەئی، لەگوتاری نوێژی جەژندا رایگەیاند، "ئیسرائیل دەبێت سزابدرێت، سزاش دەدرێت" بەهۆی ئەو تاوانەی ئەنجامیداوە و هێرشیکردووەتەسەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و چەند سەرکردەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی کوشت.

رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران گوتی: "بە بۆردوومانکردنی شوێنی باڵیۆزخانەکەمان، ئیسرائیل هێرشیکردووەتەسەر خاکەکەمان".

هاوكات، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبەردەم تیمی کارپێکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کە ناسراوە بە "گومەزی ئاسنین" لە باکووری ئیسرائیل گوتی: "هەر هێرشێک بکرێتە سەر خاکەکەمان بەشێوەیەکی بەهێز رووبەڕووی دەوەستینەوە و لەناو خاکەکەیاندا وەڵامیان دەدەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لەم جەنگەدا لە چەندین لایەنەوە هێرشماندەکرێتەسەر، لەبەرئەوە هەر دوژمنێک هێرشبکاتەسەرمان زۆر بەهێز وەڵامی دەدەینەوە".

گالانت لەبەردەم سەربازەکانیدا ئاماژەی بەوەشكرد: "لەداهاتوودا دەزانین وەڵامدانەوەمان بە چ خێراییەک دەبێت، هێرشەکەمان یەکلاکەرەوە دەبێت بۆسەر خاکی ئەوانەی هێرشدەکەنەسەر خاکەکەمان، لە هەرشوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن".

لەلایەکی دیکەوە، یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هەر ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "ئەگەر ئێران لەسەر خاکی خۆیەوە هێرشمانبکاتەسەر، ئەوکاتە ئیسرائیل وەڵامدەداتەوە و هێرشدەکاتەوەسەر خاکی ئێران".