ئیسرائیل: کوڕەکانی هەنییە بەرێگاوە بوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی لە غەززە

وێنەی ئیسماعیل هەنییە و سێ كوڕە كوژراوەكەی.

لە یەکەم کاردانەوەدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە، بەرێگەوە بوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی و رادیۆی سوپاکەش دەڵێ بنیامین نەتانیاهوو پێشتر لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئاگادار نەکراوەتەوە.

رۆژی 10ی نیسانی 2024، سوپای ئیسرائیل کوژرانی سێ کوڕ و چەند نەوەیەکی ئیسماعیل هەنییەی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسیان پشتڕاستکردەوە، راشیانگەیاند کە ئەو سێ کوڕەی هەنییە بەرپرسیارێتی جیاوازیان هەیە لە ناو بزوتنەوەکەدا، بە گوتەی ئەوان  ئەمیر هەنییە، بەرپرسی شانەیەکی سەربازی حەماسە و محەممەد هەنییە و حازم هەنییەش چالاکوانی سەربازی بزوتنەوەکەن.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ئەو سێ کوڕەی هەنییە بەرێگاوە بوون بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکی تیرۆریستی لە ناوەندی کەرتی غەززە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیلیش  ئەوەی خستەڕوو، کە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێشتر لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئاگادارنەکراوەتەوە.

ئێوارەی 10ی نیسانی 2024، بەهۆی بۆردومانێکی درۆنی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەیان، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە و چەند نەوەیەکی لە کامپی شاتیء کوژران، کە ئیسماعیل هەنییە خۆی سەر بەو ناوچەیە و ئێستا لە قەتەر دەژی.

پاش ئەوەی هەواڵەکە بە ئیسماعیل هەنییە راگەیەندرا، کاتێک لە قەتەر بوو بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک، گوتی کوژرانی رۆڵەکانی کاریگەری لەسەر داواکاریەکانیان نابێت دەربارەی ئاگربەست، گوتیشی: ئه م خوێنڕێژییە وامانلێدەکات رژدبین لەسەر بیروڕاکانمان و زیاتر پەیوەست بین بە خاکەکەمانەوە.

راشیگەیاند، کە داگیرکاری لە ئامانجەکانیدا سەرکه وتوو نابێت و ئەوانیش دوو دڵ نابن و پاشەکشە ناکەن و بەردەوام دەبن لە رێگای رزگارکردنی قودس و ئەقسا.