حکومەتى عێراق قەرزی دەرەکی تەنیا بۆ پڕۆژەى ستراتیژى وەردەگرێت

دیناری عێراقی و دۆلار، فۆتۆ: كەناڵ8

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەمەودوا قەرزى دەرەکى تەنیا بۆ پڕۆژەى ستراتیژى وەردەگیرێت و بڕى قەرزە دەرەکییەکان دەگاتە نزیکەى 20 ملیار دۆلار.

باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، لەسەرەتاى ساڵى رابردوو سەرۆکوەزیرانى عێراق کارى لەسەر قەرزە دەرەکییەکان کردووە کە بڕەکەى 19 ملیارو 729 ملیۆن دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیە پۆلێن کراوە لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ قەرزە دەرەکییەکان، بە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و ڕاوێژکارانی دارایی.

ئەوەشى خستەڕوو، دەیان قەرزی بانکی نێودەوڵەتی داڕێژراونەتەوە و بڕیاردراوە بۆ لەمەودوا هیچ قەرزێک وەرناگیرێت، جگە لە قەرزى دەرەکى بۆ پڕۆژەى ستراتیژى گەورە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی هەر سێ مانگ جارێک راپۆرتێکی ورد پێشکەش بە ئەنجوومەنی باڵای ئابووری عێراق دەکەن لەبارەى قەرزە دەرەکییەکان.

پێشتر، گوتەبێژى حکومەتى عێراق ئەوەى راگەیاندبوو، کە قەرزی دەرەکی لە 19 ملیار و 729 ملیۆن دۆلارەوە لەمساڵدا بۆ نزیکەى 9 ملیار دۆلار کەمدەبێتەوە.