شرۆڤەکارێکى سەربازیى ئیسرائیلى: سەربازانی ئیسرائیل ناتوانن چەكدارانی حەماس بدۆزنەوە

سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززە
سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززە. فۆتۆ: AFP

شرۆڤەکارێکی سەربازیی ئیسرائیلی رایگەیاند، بۆ سوپاى ئیسرائیل دۆزینەوەى چەکدارانى حەماس وەکو دۆزینەوەی دەرزییەکە لەناو پەڕەى پەلەوەردا، ئامانجەکانى ئیسرائیل بەدینەهاتوون و حەماس سەرکەوتنى بەدەستهێناوە.

لە وتارێکدا لە رۆژنامەی "يەديعوت ئەحرۆنۆت"، یواڤ زایتون، شرۆڤەکارى سەربازیى ئیسرائیلى ئەوەى خستووەتەڕوو، ئەفسەرە دێرینەکانی سوپای ئیسرائیل پێشبینیانکردووە، حەماس تاوەكو ساڵی 2027 لە باشترین بارودۆخیشدا شکستناهێنێت.

ئاماژەى بەوەشداوە، ئەستەمە تەنانەت کەمترین ئامانجەکانی شەڕەکە بەدیبهێنرێت بۆ ئیسیرائیل، لە سنووردارکردنی حەماس لە غەززەدا

باسى لەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ بەئامانجگرتنی میکانیزمە ئەمنییەکانی حەماس کە تاوەكو ئێستاش وەکو خۆیان ماون، بەتایبەت سوپاى ئیسرائیل تەحەدای دیاریکردنی شوێنی چەکدارانی حەماس دەکات، بەڵام تاوەكو ئێستا ئامانجەکانى بەدینەهاتوون، چونکە دۆزینەوەى چەکدارانى حەماس بۆ سوپاى ئیسرائیل "وەک دۆزینەوەی دەرزییەکە لەناو پەڕى پەلەوەردا" وایە.

ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى روونکردووەتەوە، دوای چوار رۆژ لە کشانەوەی سوپاى ئیسرائیل لە خان یونس و لەگەڵ گەڕانەوەی قەرەباڵغی دانیشتووان بۆ ماڵە وێرانبووەکانیان، بینرا چەکدارانی حەماس شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە.