سوپای ئەمریکا تێکشکاندنی 11 درۆنی حوسییەکانی راگەیاند

هێزێكی دەریایی ئەمریكا لە گەرووی بابولمەندەب لەنزیك یەمەن، بۆ پاراستنی كەشتییە بازرگانییەكان. فۆتۆ: AP

سوپای ئەمریکا ئاشکرایكرد، هێزەکانیان توانیویانە 11 درۆنی چەکدارە حوسییەکان تێکبشکێنن، کە بوونەتە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر هێزەکانیان و پرۆسەی کەشتیوانی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

فەرماندەیی ناوەندی هیزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕێ کۆمەڵایەتی  ئێكس بڵاویکردووەتەوە، "کاتژمێڕ 4:15 خولەک بۆ 6:00ـی بەیانی رۆژی 10ـی نیسان بەکاتی سەنعا، هێزەکانیان سەرکەوتووانە توانیویانە دوو درۆنی چەکدارانی حوسی لە کەنداوی عەدەن و درۆنێک لە دەریایی سوور تێکبشکێنن، بەبێئەوەی هیچ زیانێکیان لێبکەوێتەوە".

ئاماژەبەوەشکراوە، "هەر هەمان رۆژ لە کاتژمێر 7:50 بۆ کاتژمێر 8:00ـی ئێوارە، هێزەکانیان هەشت درۆنی دیکەیان تێکشکاندووە کە لەناوچەکانی ژێڕ دەسەڵاتی حوسییەکانەوە ئاڕاستە کرابوون".

سێنتکۆم باسلەوەدەکات، ئەو فڕۆکانە وەک سەرچاوەیی هەڕەشەکردن بۆ سەر هێزەکانیان و کەشتییە بازرگانییەکان تەماشاکراوە و لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە".

لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، چەکدارانی حوسی هێرشکردنیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەستپێکردووە و و باس لەوەدەكەن، تاوەكو وەستاندنی جەنگ، لە هێرشەکانیان بەردەوامدەبن.