لانگ لانگ ئەستێرەی رێڕەوی ناوبانگی هۆڵیوودی پێبەخشرا

رێڕوی ناوبانگی هۆڵیوود، مەراسیمی رێزلێنانی بۆ یەکێک لە دیارترین موزیکدانەر و پیانۆژەنانی جیهان رێکخست و ئەستێرەی ناوبانگی خۆی پێدا.

هونەرمەندی پانۆژەنی چینی، لانگ لانگ، کە دانیشتووی ئەمریکایە و لە وڵاتانی رۆژئاوا ستایشێکی گەورە دەکرێت، لەلایەن هۆڵیوودەوە، ناوی خرایە ریزی کەسایەتییە بەناوبانگەکان و ئەستێرەی رێڕەوی ناوبانگی پێدرا.

لانگ لانگ، لە ئاستی بڕینی دیوار و بەربەستە هونەرییەکاندا ناوێکی دیاری جیهانی موزیکە، ئەم ژەنیارە 41 ساڵە، توانیویەتی لە شێوازی باخ، مۆزارت و شۆپانەوە، موزیکەکەی فراوان بکات بۆ جیهانی سینەما و ئانیمەیشنە منداڵانەکان.

لە ئاستی مێژووی دابەشکردنی ئەستێرەی ناوبانگی هۆڵیووددا، لانگ لانگ دەبێت بە یەکێک لەو موزیکدانەر و پیانۆژەنە کلاسیکییانەی، کە بە دەگمەن دەتوانن لە لیستەکەدا جێیان ببێتەوە، ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە توانا و کارکردنی راستەوخۆیان هەیە، لە ئاستی فیلمسازیی و دروستکردنی کاریگەریی هونەریی لەڕێگەی نزیکخستنەوەی گوێگرە هاوچەرخەکان لە موزیکی کلاسیکی.

لانگ، لەمیانی وەرگرتنی ئەستێرەی ژمارە دوو هەزار و 778، ئاماژەی بەوە دا؛ وەرگرتنی نازناوی ئەستێرەی ناوبانگی هۆڵیوود، هاندەرێکی گەورەیە و رێزلێنانێکی شکۆمەندانەیە، ئەم هونەرمەندە، نیوەی تەمەنی خۆی لەسەر سەکۆ موزیکییەکان بەسەربردووە و لە ئاستی جیهانییدا خاوەنی دەیان کۆنسێرت و نمایشی ناوازی موزیکییە.

بۆ مێژووی تۆمارە هاوچەرخەکانی موزیک، لانگ لانگ خاوەنی ناوبانگێکی گەورەیە، لە 20 باشترین ئەلبومە کلاسیکییەکانی جیهاندا، سێ دانەیان لەلایەن لانگ لانگەوە تۆمارکراون و بەمەش توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر پیشەسازیی بەرهەمهێنانی موزیک دروستبکات.

لە نەودەکانی سەدەی رابردووەوە، لانگ لانگ یەکێکە لە دیارترین ناوەکانی جیهانی موزیک، لە وڵاتی چین لەدایکبووە و هەر لەوێش فێری موزیک بووە، سەرەتا لەلایەن فیلهارمۆنیکی بەرلینەوە داوادەکرێت و پاشان روو لە ڤیەننا دەکات، لە گەورەترین ئۆرکێستراکانی ئەمریکا و جیهانیش یەکێک بووە لە ژەنیارە سەرەکییەکان و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، بە یەکێک لە باشترین پیانۆژەنەکانی جیهان دیاریکراوە.