پارتی دەم: هیوادارین دەرگای دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەی کورد بکرێتەوە

لۆگۆى پارتى دەم.

تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)، دەڵێت، لەپێناو چارەسەری دیموکراسییانە و ئاشتییانەی کێشەی کورد خەبات دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە ئازار و فرمێسک کۆتاییبێت.

تولای هاتیمۆغوڵڵاری لەمیانی جەژنەپیرۆزە لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی لە ئەدەنە، گوتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد گەلان خوازیاری ئاشتیی و خۆشگوزەرانین.

هاوسەرۆکی پارتی دەم دەڵێت، "بە پشتبەستن بەو سەرکەوتنەی لە هەڵبژاردنەکان وەک پارتی دەم بەدەستمانهێناوە، بەو ورە و دڵخۆشییەوە، پیرۆزبایی جەژنتان لێدەکەین و هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی و برایەتی. ئومێدەوارین لەم جەژنەدا دەرگای دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بکرێتەوە".

هاتیمۆغوڵڵاری جەختی لەوەکردەوە "بۆ چارەسەری دیموکراتییانە و ئاشتییانەی کێشەی کورد خەبات دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە ئازار و فرمێسک لە ناوچەکە کۆتایی بێت."